وەفدی زانستی کۆلێجمان سەردانێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا

Post date: Sep 16, 2019 10:1:38 AM

رۆژانی رابردوو وەفدێکی کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەردانی زانکۆی تارانی پزیشکییان کرد بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی پیشەیی لە بوارەکانی (شیکاری نەخۆشییەکان، تەندروستی کۆمەڵ، پەرستاری).

سەرەتا لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تارانی پزیشکییەوە پێشوازییان لێکراو پاشانیش وەفدەکە لەگەڵ بەرپرسە سەرەکییەکانی هەریەک لە سکۆڵەکانی پەرستاری و مامانی و تەندروستی کۆمەڵ و شیکاری نەخۆشییەکان کۆبوونەوەو گفتووگۆی زانستی چڕیان ئەنجامدا بۆ چۆنێتی هەماهەنگی کردن لە کردنەوەی دبلۆمی باڵای پیشەیی یەک ساڵەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا.

هەر لەدرێژەی سەردانەکەیاندا چاویان کەوت بە جێگری سەرۆکی زانکۆی تارانی پزیشکی بۆ کاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە دانیشتنێکدا گەیشتنە ئیمزا کردنی رێککەوتنێکی دوو لایەنە بۆ ئەنجامدانی سەرجەم ئەو پسپۆریانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بۆ بوارە تەندروستییە پزیشکییەکان پێویستن و زانکۆی تارانی پزیشکیش لەداهاتوودا دەتوانێت هاوکارو هەماهەنگ بێت، دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەرجەم ئەو پسپۆرییانە بەشێوەیەکی رەسمی رادەگەیەندرێن و خوازیارانیش دەتوانن بە پێی یاساو رینماییە ئامادەکراوەکان دۆکیۆمێنتەکانیان پێشکەش بکەن بۆ خوێندن.

راگەیاندنی کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی