سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پەیامێک ئاراستەی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆ دەکات
Post date: Apr 24, 2019 10:10:26 AM
لە پەیامێکیدا بۆ مامۆستایان وفەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین رایدەگەیەنێت، بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەواڵێکی دڵخۆشکەرەو سەرەتایەکیترە بۆ زیاتر بوژاندنەوەی بیری زانست و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان دەکەین کە لەماوەی رابردوو و لەسەروبەندی پاشەکەوتی موچەدا، دڵسۆزانەو خەمخۆرانەو زانستخوازانە شانیان دایە بەر قەیرانەکان و ھۆڵەکانی خوێندنی خوێندکارانیان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چۆڵنەکردو نەیانھێشت پرۆسەی زانست بوەستێت، ھەربۆیە پێیان دەڵێم، ئێوە نمونەی خەمخۆرانی زانست و رۆڵەکانی ئەم ھەرێمەن.
ھەر لەپەیامەکەیدا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاندووە، بە دەرفەتێکی گونجاوی دەزانم سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە لەماوەی ئەم قەیرانانەدا ھاوکاری زانکۆمانیان کردووەو پشتیوانبوونە بۆ بەردەوامیمان لەسەر کارەکانمان و پرۆژە زانستیەکانمان، سوپاسیان دەکەین و داوای بەردەوامیان لێدەکەین.
ھەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکات و ھەنگاوەکانی بەرێزیان بۆ ریفۆرم و گۆرانکارییە جدییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا
بەرزدەنرخێنێت.