TCH Events‎ > ‎

ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ رۆژوو گرتن له‌سه‌ریان كاریگه‌ره‌

posted May 27, 2018, 2:10 AM by Media TCh
وێڕای پیرۆزبایی كردنمان له‌سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی به‌ بۆنه‌ی هاتنی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه‌، به‌ پێویستمان زانی كه‌ هه‌ندێك له‌و نه‌خۆشییانه‌ بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ له‌ ئه‌نجامی رۆژوو گرتن كاریگه‌ری لاوه‌كی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروست ده‌كات، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

1-ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نی دڵیان هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام به‌كارده‌هێنن.
2-ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی گورچیله‌یان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی به‌رۆژوو بووندا ئاو له‌ له‌شی رۆژوه‌وانه‌كه‌دا كه‌م ده‌بێته‌وه‌و له‌وانه‌یه‌ ئازاری توندی گورچیله‌ی بۆ دروست ببێت.
3-برینی گه‌ده‌یی و دوانزه‌ گرێ: ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو گه‌ده‌ یان ریخۆڵه‌كان خاڵی بن له‌خواردن له‌و كاته‌دا ترشه‌ڵۆكی گه‌ده‌ زیاد ده‌بێت و كاریگه‌ری لاوه‌كی له‌سه‌ر برینه‌كانی گه‌ده‌و دوانزه‌ گرێش دروست ده‌بێت.
4-نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌: چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری تایبه‌تمه‌ند به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یان وه‌ربگرن و به‌شێوه‌یه‌كی رێك و پێك خۆراكه‌ رۆژانه‌كانیان بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌كاتی به‌رۆژوو بووندا له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ری لاوه‌كیان له‌سه‌ر دروست بكات.
5-جۆره‌كانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ به‌تایبه‌ت له‌و حاڵه‌تانه‌دا كه‌ ده‌رزی ئه‌نسۆلین به‌كارده‌هێن بۆ رێكخستنی رێژه‌ی شه‌كری خوێنیان.
6-نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان: له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م نه‌خۆشانه‌دا هه‌ندێك حاڵه‌تی ناسروشتی و نامۆ به‌دی ده‌كرێت پێویستیشه‌ به‌شێكیان به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌ربگرن.
7-خانمانی دووگیان به‌تایبه‌ت له‌ (3) مانگی یه‌كه‌می دوو گیانیدا، چونكه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا منداڵ پێویستییه‌كی زۆری به‌ خۆراكه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌خوێنی دایكه‌كه‌وه‌ وه‌ریده‌گرێت كه‌واته‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی ماده‌ خۆراكییه‌كان ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی منداڵه‌كه‌.
8-منداڵ و به‌ساڵاچووان: ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ به‌رگری له‌شیان سسته‌ یان به‌ره‌و لاواز بوون رۆیشتووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆراكێكی باش بخۆن تاوه‌كو به‌رگری له‌شیان تاڕاده‌یه‌ك به‌جێگیری بمێنێته‌وه‌.
بۆ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ باسمان كرد، ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش رێگه‌ چاره‌ی تایبه‌تی بۆ داناوه‌و پێویسته‌ پێش هه‌ر بڕیاردانێك بۆ رۆژوو گرتن راوێژی پزیشكی له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كان و راوێژی ئاینیش له‌گه‌ڵ مامۆستایانی به‌ڕێزی ئاینیدا بكرێت.

راگه‌یاندنی كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی







Comments