TCH Events‎ > ‎

ڤیتامین (د) و كاریگەری تیشكی خۆر

posted Jan 31, 2018, 12:35 AM by Media TCh

لە ئەنجامی چەند توێژینەوەیەكی سەرەتایی كە لەلایەن چەند مامۆستایەكی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە ئەنجامدراوە كە لە داهاتوودا داتاكانیان بە شێوازێكی زانستی بڵاو دەكەینەوە، لەو توێژینەوەیەدا دەركەوتووە كە یەكێك لە هەرە كێشە گەورەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كەمی رێژەی ڤیتامین (د) لەو سۆنگەیەوە بە پێویستمان زانی كە چەند زانیارییەكی بەسوود بخەینە بەر دیدی هاونیشتمانییەكانمان، ئەم بابەتەش بە سوپاسەوە لە لایەن بەڕێز مامۆستا (نیاز شاڵی) مامۆستای كۆلێجمانەوە ئامادەكراوە. 
ڤیتامین (د) یە كێكە لە ڤیتامینە بنچینەییەكان كە رۆڵێكی گرنگی هە یە لە سەر كرداری بایۆلۆجی لە شی مرۆ ڤ , و یە كێكە لەو ڤیتامینانەی كە لە ناو چەوری دا دەتوێنەوە ویەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی ئەم ڤیتامینە ئەوەیە كە لەشی مرۆڤ توانای دروست كردنی هەیە لە رێگەی بەركەوتنی تیشكی خۆربە شێوازێكی ئاسێ ریك. 
*چۆنیەتی وەرگرتنی فیتامین (د ) لە رێگەی تیشكی خۆر 
لەشی مرۆڤ توانای دروست كردنی ڤیتامین (د) هەیە لە رێگەی بەركەوتنی راستەوخۆی پێست بۆ تیشكی خۆر كە ئەگەر رۆژانە بۆ ماوەیەكی كورت پێست بەتایبەتی قوڵ و دەست وقاچ كە دانەپۆشرابێت و دژە خۆری بەكار لێ‌ نەدرابێت.
بۆ سود وەرگرتن لە تیشكی خۆر دەبێت مرۆڤ زانیاری هەبێت لە سەر كاتی چوونە بەر خۆر كە بەیانیان زوو وە ئێواران سودی نیە بۆ دروست كردنی فیتامین (د) چونكە بەرگی زەوی رێگری دەكات لە تیشكی سەرو وەنەوشەیی جۆری (ب) كە رۆڵی هەیە لە دروست كردنی ڤیتامین (د) كە بگات بە زەوی لە م دوو كاتەی رۆژدا، بۆیە باشترین كات بۆ وەرگرتنی تیشكی خۆر لە ناوەراستی رۆژدایە واتە لە كاتژمێر 10 ی سەر لە بەیانی بۆ 3ی پاش نیوەرۆ. 
*وەرگرتنی ڤیتامین (د) لە رێگەی بەركەوتنی تیشكی خۆر پەیوەندی هەیە بە چەند هۆكارێكەوە وەك :-
- وەرزەكانی ساڵ (Seasons)
- كاتی رۆژ، باشترین كات بۆ وەرگرتنی رێژەیەكی باش لە ڤیتامین (د) لە ناوەراستی رۆژدایە (Midday)
- شوێنی جوگرافی (Geographical area)
- جۆری پێستی مرۆڤ ، رەش پێست و سپی پێست.(Skin type)
- بڕی پێست كە بەر خۆر دەكەوێت.
ماوەی پێویست بۆ وەرگرتنی تیشكی خۆرلە رۆژێكدا بۆدروستكردنی رێژەی پێویستی ڤیتامین (د) لە لەشدا پەیوەندە بە چەند كاریگەرێكەوە بەتایبەتی وەرزی ساڵ وەك وەرزی زستان و پایز كە تیشكی خۆر تینی كەم دەبێتەوە بۆیە پێویستە مانەوە لە بەر تیشكی خۆردا زیاتر بێت جیاواز لە وەرزی بەهارو وهاوین،بۆیە باشترین وەرز بۆ ئەنجام دانی ئەم كارە لە كۆتایی مانگی 3و سەرەتای مانگی 4 تا كۆتایی مانگی 9 . جۆری پێستی مرۆڤ هۆكارێكی ترە كە پەیوەستە بە زۆری وكەمی مادەی میلانین لەپێستدا وە هەروەها پەیوەندە بە دروستكردنی رێژەی ڤیتامین (د) لەرێگەی خۆرەوە، بۆیە كەسانی رەش پێست كە خانەی میلانینیان زۆرە پێویستیان بە كاتی زیاترە بۆ مانەوە لەبەر خۆر بۆ دروست كردنی رێژەی پێویستی ئە م ڤیتامینە لەكەسانی سپی پێست كە مادەی میلانینیان كەمترە، بۆ نمونە گەر كەسێكی گەنم رەنگ و ئەسمەر پێویستی بە 30 خولەك مانەوە بێت لەبەر تیشكی خۆردا بۆ دروست كردنی ئەم ڤیتامینە ئەوا كەسێكی سپی پێست پێویستی بە10-15 خولەكە.
*ئایا ڤیتامین (د) پێویست وەردەگیرێت كاتێ‌ تیشكی خۆر لە شوشەوە تێدەپەرێت، واتە لەناو ژوور و سەیارەدا؟
نەخێر، بە هۆی ئەوەی تیشكی خۆر جۆری (ب) (ultra violet B radiation) كە رۆڵی هەیە لە دروست كردنی ڤیتامین (د) توانای نییە بە شوشەدا تێپەرێت.

*ئایا بەكارهێنانی دژە خۆر كاردەكاتە سەر دروست كردنی ڤیتامین (د) لە رێگەی خۆرەوە؟
پەیوەندە بە جۆری دژە خۆرەكەوە (Sun protection factor-S PF) واتە دەرەجەی پاراستن لە خۆر ئەگەر پلەی (SPF) بەرز بێت رێ دەگرێت لە تیشكی سەرو وەنەوشەیی (ب) بەر پێست بكەوێت و ڤیتامین (د) دروست نابێت.
*هەندێ‌ هۆكار پەیوەندە بە دروست كردنی رێژەی ڤیتامین (د) لە رێگەی تیشكی خۆرەوە وەك :-
- تەمەنی مرۆڤ ، تا تەمەن زیاد بێت پێست بە كەمی ڤیتامین (د) دروست دەكات
- بە كارهێنانی دژە خۆر كار دەكاتە سەر هەڵمژینی بڕی پێویستی تیشكی سەرو وەنەوشەیی جۆری (ب)
- بەرزایی ،شوێنی بەرز تینی تیشكی خۆری زیاترە وەك لە سەر دەریا
- دروست بوونی هەور، كە رێژەی تیشكی خۆر كەم دەكاتەوە.
- پیس بوونی هەوا، كە رێژەی تیشكی خۆر كەم دەكاتەوە.
- دانیشتن لە پشت پەنجەرەوە،شوشە هۆكارە بۆ رێگرتن لە تیشكی خۆر جۆری (ب) بۆیە فیتامین (د) دروست نابێت .
*چۆنیەتی دروست بوونی ڤیتامین (د) لەرێگەی تیشكی خۆر
خۆر پێك هاتووە لە چەندین تیشك، ئەو تیشكی خۆرەی پەیوەندە بە دروست كرنی فیتامین (د3) لە لەشی مرۆڤدا تیشكی خۆری سەرو وەنەوشەیی جۆری (ب) یە، كاتێك ئەم تیشكە بەر پێست دەكەوێت كارلێكی كیمیاوی رودەدات، لەش دەست دەكات بە گۆرینی پروهورمون بۆ ڤیتامین (د)، لەم پرۆسەیدا جۆرێك لە كۆلیسترۆڵ كە ناوی (7- دی هایدرو كولیسترۆڵ) ە كە بەشێوازێكی سروشتی هەیە لە ژێر پێستدا، كاتیك تیشكی سەرو وەنەوشەیی جۆری (ب) بەر پێست دەكەوێت و هەڵدەمژرێت (7- دی هایدرو كولیسترۆڵ) دەگۆرێت بۆ كولیكالسیفیرۆڵ كە ڤیتامینێكە پێش دروست بوونی ڤیتامین (د3) وە لە دوایدا دەچێتە ناو سوڕی خوێنەوە و بۆجگەر كە لەوێدا كاری زیندەكرداری بەسەردا دێت و دەگۆرێت بۆ هایدروكس ڤیتامین (د) و پێشی دەوتریت 1،25- هایدروكس ڤیتامین دواتر لە گورچیلەدا دەگۆرێت بۆ 1،25-دای هایدروكسی ڤیتامین، ئەمەش ئە و هۆرمۆنەیە كە ڤیتامین (د) دروست دەكات كە لەش بەكاری دە هێنێت. 
*پێویستی ڤیتامین (د) بۆ لەشی مروڤ
- ڤیتامین (د) یارمەتی هەڵمژینی كالسیۆم وفسفۆر دەدات لە رێگەی ریخۆڵەوە، ئەگەر رێژەی ڤیتامین (د) كەمبێتەوە لە لەشدا بە هەمان شێوە رێژەی كالسیۆ م وفسفۆر كەمدەبێتەوە , كە كار دەكاتە سەر ئێسك ودەبێتە هۆی دروست بوونی چەند كێشەیەكی ئێسك. 
- پێویستە بۆ گەشە كردنی ئێسك وچاكردنەوەی ئێسك لە ریگەی اوستیو بلاست( osteoplasts) واوستیو كلاست ((osteoclasts.
- چاككردنەوەی خانە گەشەدارەكان و دەمارە ماسولكەكان .
- باش كردن و بەهێز كردنی بەرگری لەش.
- كەم كردنەوەی هەوكردن
- رێگری دەكات لە دروست بوونی شێرپەنجەی كۆلۆَن،پرۆستات، سیەكان، زراو ،پەنكریاس و مەمك بە پێ‌ ی هەندێك توێژینەوە.
- چارەسەری نەخۆشی شەكرە, دڵ, پەستانی خوێن و رەق بوونی دەمارەكان بە پێ‌ ی چەند توێژینەوەیەكی سەرەتایی كە ئەنجام دراوە. 
- خە مۆكی كەم دەكاتەوە , هاوسەنگی مزاج
* نیشانەكانی كەمی ڤیتامین (د)
- ئارەق كردنەوەی سەر بەرێژەیەكی زۆر لە كاتی حەوانەوەدا.
- وەرینی قژ Hair loss
- زوو چاك نەبونەوەی برین 
- هەست كردن بە ئازاری ئێسك و ماسولكە و هەست كردن بەلاوازی بە تایبەتی لە كاتی سەركەوتن بە پلیكانەدا وە تێكچوونی روشتنی.
- نەرم بوونەوەی ئێسك (Osteomalacia)
- شكاندنی ئێسك بە تایبەت ئێسكی قاچ و حەوز. 
- ئێسكە نەرمە لە منداڵدا. Rickets 
- دروست بوونی ئازار لە پشتدا Back pain 
- لاواز بوونی بیركردنەوە Thinking weakness 
- وەستانی هەناسەدان لە كاتی خەودا Sleep apnea 
*كە می ڤیتامین (د) بۆ ماوەیەكی درێژ بەپێی هەندێك توێژینەوە دەبێتە هۆی 
- زیاد بوونی كێشی لەش.(Weight gain)
- تێكچوونی باری دەرونی و هەست كردن بە خەمۆكی.(Depression)
- شەكرە (Diabetes)
- بەرز بونەوەی فشاری خوێن (Hypertension)
- داخورانی ئێسك (Oteoporosis)
- نەخۆشی الزهایمر (Alzheimer's diseases)
- هەست كردن بە هیلاكی بە تایبەتی لە كاتی كاركردندا وە لە كاتی وەرزشدا (Chronic Fatigue syndrome) 
- ئازاری ماسولكەی لەش (Fibromyalgia)
- شێرپەنجەی كۆڵۆن، مەمك،سی وپرۆستات 
*ترسناكی زۆر بوونی رێژەی ڤیتامین (د)
- كەم خواردن (Anorexia) 
- دابەزینی كێش (Weight loss) 
- زور میز كردن (Polyuria) 
- تێكچوونی لێدانی دڵ (Heart arrhythmia) 
- بەرزبوونەوەی رێژەی كالسیۆم كە دەبێتە هۆی رەق بوونی شانەو دەمارەكان و خراپ كردنی دڵ و گورچیلە
- دروست بوونی بەرد لە گورچیلەدا (Renal stone)
*هۆكارەترسناكەكان بۆ كەمبوونی ڤیتامین (د) لە لەشدا
- نداڵ كە شیری دایك دەخوا(Breast feeding) 
- ئافرەتی دوو گیان (Pregnancy )
- كەسانی پیر لە 65 ساڵ و بەرەوسەرەوە
- چوونە بەر هەتاو بە كەمی
- ئەو كەسانەی كە كێشەی ریخۆڵە یان تێك چوونی هەرس كردنی خواردنیان هەیە Malabsorption 
- كەسانی رەش پێست
- كەمی وەرگرتنی ڤیتامین (د) لە رێگەی خواردنەوە
- نەخۆشی درێژ خایەنی جگەر و گورچیلە
- بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی رژێنی دەرەقی 
- كەسانی قەڵەو 
*پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین (د)
رۆژانە لە شی مرۆڤ پێویستی بە ڤیتامین (د) هەیە كە دەبێت لە رێگەی خواردن و تیشكی خۆر وەریبگرێت بۆئەوەی كەمی رێژە ی(د) دروست نەبێت، كە بە پێی تەمەن دەگۆڕێت 
- منداڵی تازە لە دایك بوو تا 12 مانگ 400 UI
- منداڵ 1-13 ساڵ 600 UI
- گەنج 14-18 600 UI 
- گەورە 19-70 600 UI 
- 71 بەرو سەرەوە 800 UI
- ئافرەتی دوو گیان ودایكی شیر دەر 600 UI
بەڵام ئەو كەسانەی كە رێژەی ڤیتامین (د) یان كەمە پێویستیان بە رێژەی زیاتر هەیە 
*خۆراكی دەوڵەمەند بە فیتامین (د)
- ماسی جۆری سالمون ، تونە وماركیرڵ 
- جگەری مانگا
- پەنیر
- قارچك
- زەردێنەی هێلكە 
- شیرە مەنیەكان بێ‌ چەو ری و كەم چەوری
- ماست 
- شەربەتی پەرتەقاڵ
- شیری بادەم
- شۆفان 
- میوە وسەوزە
* رێگاكانی وەرگرتنی ڤیتامین (د)
- رێگەی خواردن (Diet )
- تیشكی خۆر (Sunlight)
- تەواوكەری خواردن (Food supplement)بە شێوەی حەب، شروب، دەرزی





Comments