TCH Events‎ > ‎

توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ی منداڵاندا

posted Nov 26, 2017, 2:09 AM by Media TCh

هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك (Meningitis) بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنی په‌رده‌ی پارێزه‌ری ده‌وری مێشك و دڕكه‌په‌تك، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باو به‌هۆی به‌كتریا یان ڤایرۆسه‌وه‌ رووده‌دات، زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌ی تووش ده‌بن ته‌مه‌نیان له‌خوار (30) ساڵییه‌وه‌یه‌.

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ چه‌ند نیشانه‌یه‌كی دیاری كراوی هه‌یه‌ وه‌ك مل ره‌ق بوون، تایه‌كی قورس، هه‌ستیار بوون به‌ رووناكی، گێژبوون، سه‌ر ئێشه‌و رشانه‌وه‌.
هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ترسناكه‌كان كه‌وا پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری ده‌ست به‌جێی پزیشكی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی تووشبووانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن به‌ڵام هه‌ر رێژه‌ی مردنی زۆره‌، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی (24 تا 48) سه‌عات دوای ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ نه‌كرێت ئه‌گه‌ر مردنی زۆره‌، زۆرجاریش ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ زوو چاره‌سه‌ری وه‌رنه‌گرتبێت ده‌بێته‌ هۆی تێكشكاند و زیان گه‌یاندن به‌ مێشك و له‌ده‌ستدانی بیستن.
له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیدا كه‌ له‌ لایه‌ن (ره‌مه‌ند حاجی) خوێندكاری خوێندنی باڵای ماسته‌ری كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستییه‌وه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی ئاماده‌كراوه هه‌ستاوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی داتا له‌سه‌ر منداڵانی تووشبوو به‌ هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌ (2016/8/1 تا 2017/8/1) كه‌ (46) كه‌س تۆمار كراوه‌، ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌:
تێكڕای ته‌مه‌ن له‌ناو منداڵانی توشبوو (5) ساڵ و (5) مانگ بووه‌، زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی داخڵكراون له‌خوار ته‌مه‌نی (1) ساڵیه‌وه‌ بوون به‌ رێژه‌ی (19.6%) دوای ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی (7) ساڵیدا بووه‌ به‌ رێژه‌ی (15.2%)، دواتر له‌ ته‌مه‌نی (5) ساڵی بوون به‌ رێژه‌ی (10.9%) له‌ناو هه‌موو ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ی كه‌ داخڵی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كراون كه‌ له‌نێوان خوار یه‌ك ساڵ تا (15) ساڵی بوون.
زۆربه‌ی منداڵانی توشبوو له‌ ره‌گه‌زی نێر بوون به‌ رێژه‌ی (71.7%) و زۆربه‌یان له‌ساڵی (2017)دا داخڵكراون به‌ رێژه‌ی (58.7%) هه‌رچه‌نده‌ مانگه‌كانی وه‌رگیراو له‌ ساڵی (2017)دا زیاتر بوون.
زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ داخڵی نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی كراون له‌ناوی شاری سلێمانی بوون به‌ رێژه‌ی (28.3%) كه‌وا (13) منداڵبوون، دواتر له‌ چه‌مچه‌ماڵ بوون به‌ رێژه‌ی (10.9%)، پاشان له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌لار و سه‌یدسادق بوون به‌ رێژه‌ی (6.5%) بۆ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ناو (19) شوێنی جیاواز له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی.
له‌و (13) منداڵه‌ی كه‌ له‌ناو سلێمانی داخڵی نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی كراون، له‌ (12) گه‌ڕه‌كی جیاوازی ناو شاری سلێمانی بوون كه‌ بۆ هه‌ر گه‌ڕه‌كێك یه‌ك منداڵ بووه‌ ته‌نها گه‌ڕه‌كی هه‌واری شار نه‌بێت كه‌وا (2) منداڵی لێ داخڵ كرابوون.‌



Comments