posted May 14, 2018, 4:05 AM by Media TCh
كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی بۆ وشیار كردنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌كان هه‌ر جاره‌و بابه‌تێكی زانستی ئاماده ده‌كات، ئه‌مجاره‌ش بابه‌تێكی زانستی له‌سه‌ر نه‌خۆشی سالاسیمیا و نیشانه‌و چاره‌سه‌ره‌كانی ئاماده كردووه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: سالاسیمیا نه‌خۆشییه‌كی بۆماوه‌یی خوێنه كه تێیدا له‌شی مرۆڤ هیمۆگلؤبینی ناسروشتی له‌خڕۆكه سووره‌كاندا دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مبوونی رێژه‌ی خوێنی نه‌خۆشه‌كه به به‌راورد به رێژه سروشتییه‌كه‌ی خۆی. سێ جۆری سه‌ره‌كی نه‌خۆشی سالاسیمیا هه‌یه، ئه‌وانیش: 1-بێتا سالاسیمیا. 2-ئه‌لفا سالاسیمیا. 3-سالاسیمیای ماینه‌ر. نیشانه‌كانی سالاسیمیا چین؟ 1-تێكچوونی شێوه‌ی ئێسكه‌كانی له‌ش به‌تایبه‌ت له ده‌موچاودا. 2-گۆڕانی ره‌نگی میزی نه‌خۆشه‌كه. 3-دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی نه‌خۆشه‌كه. 4-زۆر زوو ماندوو بوون و بێتاقه‌ت بوون. 5-پێستی نه‌خۆشه‌كه زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت به‌هۆی به‌رز بوونی رێژه‌ی بیلورۆبین له‌خوێنی نه‌خۆشه‌كه‌دا، له‌م حاڵه‌ته‌شدا زه‌ردوویی دروست ده‌بێت. 6-نه‌خۆشه‌كه زوو تووشی هه‌وكردن ده‌بێت به‌هۆی میكرۆبه‌كانه‌وه. 7-ئاره‌زووی خواردنی كه‌م ده‌بێته‌وه. 8-گه‌وره بوونی هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانی له‌ش وه‌ك سپڵ و جگه‌ری نه‌خۆشه‌كه. چۆن نه‌خۆشی سالاسیمیا دیاریی ده‌كرێت؟ دوای ئه‌وه‌ی كه نه‌خۆشه‌كه سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌تمه‌ندی خوێن ده‌كات و پزیشكه‌كه‌ش ئه‌و نیشانانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تێدا به‌دی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نێرێت بۆ پشكنینی تاقیگه‌یی خوێن له‌وێشه‌وه شێوه‌و ره‌نگ و رێژه‌ی خڕۆكه سووره‌كان دیار ده‌كرێت و نه‌خۆشه به نه‌خۆشێكی سالاسیمیا هه‌ژمارده‌كرێت. سالاسیمیا چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سالاسیمیا به‌نده له‌سه‌ر جۆری سالاسیمیاكهو توندی حاڵه‌تی نه‌خۆشه‌كه، كه ئه‌میش له‌لایه‌ن پسپۆری تایبه‌تمه‌نده‌وه دیاریی ده‌كرێت، به شێوه‌یه‌كی گشتی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشانی سالاسیمیا بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: 1-گواستنه‌وه‌ی خوێن به شێوه‌یه‌كی رێك و پێك و پرۆگرام بۆ داڕێژراو، پێویسته خوێنێكی پاك و دوور له میكرۆبه‌كان بگوازرێته‌وه. 2-چاندنی مۆخی ئێسك (Bone Marrow Transplantation): بۆ ئه‌م جۆره چاره‌سه‌ره پێویسته مۆخ یانه‌ی خانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خوێن له كه‌سه نزیكه‌كانی نه‌خۆشه‌كه وه‌ربگیرێت و بگوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشه‌كه و له‌ژێر چاودێرییه‌كی وردی پزیشكیدا بێت تاوه‌ك ئه‌نجامه‌كانی دیاری ده‌دات. 3-پێدانی هه‌ندێك ده‌رمانی تایبه‌تمه‌ند و هه‌ندێك خواردنی تایبه‌تمه‌ند كه ده‌وڵه‌مه‌نده به ماده‌ی ئاسن له‌گه‌ڵ ڤیتامینه هه‌مه‌چه‌شنه‌كان. 4-له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ئه‌وا ده‌بێت سپڵ یاخود توره‌كه‌ی زراوی نه‌خۆشه‌كه لابدرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه له‌هه‌ندێك كێشه‌ی ته‌ندروستی به‌دوور بێت. راگه‌یاندنی كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی
|
|