TCH Events‎ > ‎

نه‌خۆشی توره‌كه‌ی ئاوی چییه‌( Echinococcosis )؟

posted Oct 29, 2017, 3:38 AM by Media TCh


ئه‌م نه‌خۆشییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ به‌ربڵاوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ نه‌خۆشییه‌كی كپ و بێده‌نگ ناسراوه‌، چونكه‌ توشبووه‌كه‌ هه‌ست به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ناكات تا ده‌گاته‌ ئاستێكی ترسناك، عیراق و كوردستانیش ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو تێدا به‌دی ده‌كرێت.
نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ كرمی توره‌كه‌ی ئاوی ناسراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كیسه‌یه‌ك یان چه‌ند كیسه‌یه‌كی پڕ له‌ ئاو له‌سه‌ر ئه‌ندامی جگه‌ر یان سییه‌كان یاخود هه‌ر ئه‌ندامێك یان چه‌ند ئه‌ندامێكی تری له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌ دروست ده‌بێت كه‌ شێوه‌یه‌كی توره‌كه‌یی هه‌یه‌و له‌ناو توره‌كه‌كه‌شدا كرمی دروستكه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ (Echinococcus granulosus) ناسراوه‌، ئه‌م كرمه‌ش به‌ زۆری له‌ ریخۆڵه‌ی هه‌ندێك ئاژه‌ڵدا به‌تایبه‌تی (سه‌گ)دا ده‌ژی و رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ پاشه‌ڕۆی سه‌گه‌كه‌دا چه‌ندین هێلكه‌ی كرمه‌كه‌ فڕێ ده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ش له‌كاتێكدا كه‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانی وه‌ك (مه‌ڕ و بزن و ره‌شه‌وڵاخ...هتد) له‌گه‌ڵ گژوگیاكه‌دا هێلكه‌ی كرمه‌كه‌ قوت ده‌ده‌ن به‌مه‌ش كرمه‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م ئاژه‌ڵانه‌دا جێگیر ده‌بێت و نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات له‌نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كاندا.
*نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ چییه‌؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ئه‌مانه‌ن:
-ئازاری ناو سك.
-دڵ تێكهه‌ڵاتن و رشانه‌وه‌ له‌كاتێكدا توره‌كه‌كه‌ له‌ سه‌ر جگه‌ر دروست ده‌بێت، له‌و كاتانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر سییه‌كان دروست ده‌بێت ئازاری سنگی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆكه‌ی درێژخایه‌ن و هه‌ناسه‌بڕكێ.
-به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خۆشه‌كه‌ لاواز ده‌بێت و كێشی كه‌م ده‌كات و ئاره‌زووی خواردنی كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
جگه‌ له‌م نیشانانه‌ چه‌ندین نیشانه‌ی تر له‌ ئۆرگانه‌كانی تری له‌شی مرۆڤدا ده‌رده‌كه‌ون له‌كاتی بوونی توره‌كه‌ی ئاوی له‌و شوێنانه‌دا.
*چۆن نه‌خۆشییه‌كه‌ دیاریی ده‌كرێت؟
ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌هۆی گرتنی تیشكی (CT Scan) و (MRI)ه‌وه‌ ده‌توانرێت توره‌كه‌كه‌ له‌ناو له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌دا ببینرێت، دوای بینینی توره‌كه‌كه‌ پێویسته‌ پزیشكی تایبه‌تمه‌ند بڕیار بدات كه‌ توره‌كه‌كه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ری لاببرێت، به‌ڵام پێویسته‌ پزیشكی نه‌شته‌ركاره‌كه‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ هه‌ڵبستێت به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ بگرێت له‌ ته‌قینی توره‌كه‌كه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ناو سكی نه‌خۆشه‌كه‌دا.
*چاره‌سه‌ر كردن
خۆپاراستن له‌م نه‌خۆشیه‌ گران نییه‌ چونكه‌ ته‌نها له‌رێگه‌ی خواردنی هێلكه‌ی كرمه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ كه‌ خانه‌خوێكه‌ی سه‌گه‌و ئاژه‌ڵه‌كانی تره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌دووربن له‌و شوێنانه‌ی كه‌ سه‌گی به‌ره‌ڵای تیدایه‌ هه‌روه‌ها شوشتنی ده‌سته‌كان پێش نان خواردن و شتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌و میوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی باش پارێزراو بین له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌.

راگه‌یاندنی كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی







Comments