TCH Events‎ > ‎

كلۆر بوونی ددان و نیشانەو چارەسەرەكانی

posted Dec 17, 2017, 4:12 AM by Media TCh

زاراوەیەكی زانستییە بە مانای چاڵبوونی ددان دێت، بەهۆی جۆرێكی تایبەتی بەكتریاوە دروست دەبێت كە ترشەڵۆك دروست دەكەن و دەبنە هۆی تێكشكاندنی هەردوو چینە سەرەكییەكەی ددان ئەویش مینای ددان و چینی ژێرەوەی مینایە كە پێی دەوترێت (Dentin).

ژمارەیەكی زۆری جیاواز بەكتریای ئاسایی لەناو دەمی مرۆڤدا دەژین كە دەبنە هۆی دروست بوونی چینێكی لاستیكی تەنك لەسەر رووی ددانەكان كە پێی دەوترێت (Plaque) و ئەمیش پێكهاتووە لە لیك و پاشماوەی خۆراك كە بە شێوەیەكی بڵاو دروست دەبن لەچەند ناوچەیەكی دیاری كراودا وەك:
-چاڵ و چۆڵی سەر رووی ددانەكان.
-نێوان ددانەكان.
-لە دەرەوەی ددانی پڕكراوەو ددانی دروستكراو.
-نزیك هێڵی نێوان پوك و ددانەكان.
بەكتریا دەبێتە هۆی گۆڕینی شەكرەكان و كاربۆهیدراتەكانی ناو خواردنی رۆژانە بۆ ترشەكان، ئەم ترشەش دەبێتە هۆی شیكردنەوەی كانزاكان (Mineral)ی ددان، پاشان زیاد دەكات و دەبێتە هۆی دروستبوونی چاڵ و چۆڵی سەر رووی ددانەكان، ئەم ترشەش دەمێنێتەوە و دەچۆڕیتە خوارەوە لە رێی چاڵ و چۆڵیەكانەوە بۆ چینی ژێرەوەی مینا و دەست دەكات بە كلۆر كردنی ددانەكان، ئەم كلۆر بوونەش ئەگەر چارەسەر نەكرا بەكتریاكان بەردەوام دەبن لە گەشە كردنیان و زیاتر دەبن تا دەگەنە چینەكانی ناوەوەی ددان كە ئەویش دەماری هەستیاری ددانەكان و رەگی ژێرەوەی ددانەكانن.
*نیشانەكانی:
كلۆر بوون لەسەرەتادا لەوانەیە هیچ نیشانەیەكی نەبێت، بەڵام لە قۆناغەكانی دواتردا دوای كلۆر بوونی مینای ددانەكە هەستیار دەبێت بۆ شیرینی و گەرمی و ساردی و هەندێ لە خواردنەوە گازییەكان، ئەمەش جگە لەوەی كە نەخۆشەكە هەست بە ئازارێكی توند دەكات لە كاتێكدا كە كلۆر بوونی ددانەكەی لە دوا قۆناغەكانی پەرەسەندندایە.
*دەستنیشان كردن:
-پزیشكی ددان هەڵدەستێت بە پشكنینی ددانەكە لەرێگەی ئاوێنە و قولاپی تایبەت بۆ هەر چاڵ و چۆڵیەك كە دروست دەبێت.
-پزیشكی ددان لە رێگەی گرتنی تیشكی ددانەوە دەتوانێت دەستنیشانی كلۆربوونە قوڵەكانی ددان بكات.
-هەندێك رێگەی نوێش هەن بۆ دەستنیشان كردنی كلۆربوون لەوانە خستنە سەری بۆیەیەكی چلی رەنگدار بۆ سەر ددانەكان پاشان بە ئاو شوشتنەوەی و لە ئەنجامدا رەنگی بۆیەكە دەنوسێت بەو ددانانەی كە كلۆربوونیان هەیە.
-هەندێك پزیشكی ددان لەیزەر بەكاردەهێنن بۆ دەستنیشان كردنی كلۆر بوون كە زۆر پێشكەوتووە و تەنانەت قۆناغی سەرەتایی كلۆربووونیش دەردەخات.
*خۆپاراستن:
-تاكە رێگەی خۆ پاراستن لە كلۆر بوون بە كەمكردنەوەی رێژەی بەكتریاكان و رێگری كردن لە دروست نەبوونی چینی لاستیكە لەسەر رووی ددانەكان، باشترین رێگەش بۆ ئەمە شوشتنی رۆژانەی ددانەكانمانە بەشێوەیەكی زانستی و بەكارهێنانی هۆكارەكانی پاك كردنەوەی ددانەكان (پەتی ددان، چیلكەی ددان...)، هەروەها دەتوانرێت دەمشۆری دژە بەكتریای پزیشكی بەكاربهێنرێت كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تر ش و رێگە گرتن لە گەشەی بەكتریاكان.
-كەمكردنەوەی خواردنی رۆژانە كە دەەوڵەمەندن بە شەكر و كاربۆهیدراتەكان و خواردنی زۆر ترش وەك (لیمۆ و نارنج و لیمۆندزی و ترش) بە شێوەیەكی زۆرو بەردەوام.
-جوینی بنێشتێكی تایبەت كە پێكهاتەی (Xylitol)ی تێدایە بۆ كەمكردنەوەی گەشەی بەكتریاكان، بەڵام پێویستە هەندێك هۆكاری لاوەكی ئەم جۆرە بنێشتە لەبەرچاو بگیرێت وەك دروستكردنی غازات و هەندێك جۆر سكچوونی فەسلەجی و لەوانەشە كاریگەری لاوەكی بۆ ئەو كەسانە هەبێت كە برین لە كۆئەندامی هەرسیاندا هەیە، بۆیە پێویستە پێش بەكارهێنانی پرس و راوێژ بە پزیشكی تایبەت بكرێت.
-بەكارهێنانی فلۆراید بۆ بەهێز كردنی پێكهاتەی ددان، بەمەش رێگە دەگرین لە كلۆر بوونی ددان، گرنگیشە لە تەمەنی منداڵیدا بكرێت بۆ سەر رووی دددانەكان.
*چارەسەر كردن:
پڕ كردنەوەی ددانەكانمان لەدوای كلۆربونی بە شێوەی چاڵ و چۆڵ بە بەكارهێنانی پلاتین یان پڕكردنەوە سپییەكان.
ئەگەر پێكهاتەی ددانەكە لاواز بوو بەرگەی پڕكردنەوەی نەگرت، پێویستە كیفی ددانە بۆ بكرێت.
-هەندێك جار كلۆربوونەكە دەگاتە دەماری ددان لەم كاتەدا پێویستە دەماری ددانەكە ببڕدرێت و پاشان كیفی ددانی بۆ دروست بكرێت.

بە سوپاسەوە ئەم بابەتە لە لایەن بەڕێز (د.ماردین عوسمان عبدالقادر) مامۆستا لە كۆلێجمانەوە ئامادەكراوە.





Comments